پەرلەمانی نوێی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی دەکات


بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و، دانیشتنەکە لەلایەن بە تەمەنترین ئەندامی نوێی پەرلەمانی کوردستانەوە بە رێوەدەچێت کە ناوی محەمەد سلێمانە و سەر بە نەوەی نوێیە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە" کاتژمێر ١١ پێش نیوەڕۆ یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی"، ئەوە لە کاتێکدایە کە هێشتا لایەنە براوەکان رێکنەکەوتوون لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم.

  ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر ژمارەی پێویستی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنەکە نەبوو، دانیشتنەکە بە کراوەیی دەهێڵدرێتەوە".

بەرنامەی کاری یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات و دواتر خولەکێک راوەستان بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان دەوەستن، پاشان بانگهێشتی بەتەمەنترین بەربژێری سەرکەوتوو سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە.

لە هەنگاوێکی تردا، سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردراوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بانگ دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی مادەی ١٢ لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان.

ئەمە یەکەم خوولی پەرلەمانی کوردستانە کە ژمارەی کورسیەکانی ١١١ ەوە هاتبێتە سەر ١٠٠ کورسی و کۆتاکان بە ژمارەیەکی کەمتر لە خولەکانی پێشوو بە شداردەبن.

لە هەڵبژاردنی ٢٠ تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتی ٢٣ کورسی و نەوەی نوێ ١٥ کورسی و یەکگرتوو ٧ کورسی و حزبەکانی تر ئەو دوای کورسییەکانیان بە دەستهێنا.




AM:09:11:02/12/2024