یەکگرتوو: هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بەپێی پەیڕەو نییە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ڕێککەوتن کراوە و بەپێی پەیڕەو نییە". 

مستەفا عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دوای بەشداری کردنیان لە یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" دەنگ بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان نادەین و وەك رابردوو بە ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە". 


سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان وتیشی" هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بەپێی پەیڕەو نییە و پێشتر رێککەوتن کراوە لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتدارەوە". 

دەشڵێت" دەستەی سەرۆکایەتی و حکومەت کراوە بە یەک پاکێج و ئەمەش خزمەت بە پەرلەمان و هەرێمی کوردستان ناکات". 

مستەفا عەبدوڵا ڕاشیگەیاند" دەبوایە ئەو ڕێککەوتنەی کە لەسەر پرسی دەستەی سەرۆکایەتی دەیکەن لەسەر مووچە و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان بکەن و ڕێککەوتننەکان  بەشێوەی یاسایی ئەنجام بدرایە نەوەک سەرۆکایەتی پەرلەمان". 



PM:03:49:02/12/2024