ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە وتارێکدا بە ناو نیشانی( کابینەی نوێ و یەکێتی و پارتی) کە لە بەشی بیرورای (سپی) بڵاوبۆتەوە رایگەیاند" ئەگەر ئەمجارە لەسەر بنچینەیەکی نیشتیمانی و بە ئامانجی گۆڕانکاری ریشەیی نەبێ، کابینە زوو پێکبێ یان درەنگ هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. بە پێچەوانەوە ئەگەر کابینەیەکی جیاواز پێکبێت و سەرۆکی هەڕێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیشیان دەسەڵاتداری رەها و لەسەرووی لێپرسینەوەی پەرلەمانی و دادگایی نەبن، واتە ئەوانیش هەر تەنیا بەڕێوەبەر و فەرمانبەری دەوڵەت بن دەتوانین بڵێن شتێکمان بە شتێک کردوە و مەرجەکانی یەکێتیش لەو پێناوەدان."
لە وتارەکەیدا دەڵێت" بەپێی یاسا و نەریتی دیموکراسی ئاساییە لایەنێک بەتەنیا یان چەند لایەنێک زۆرینەی پەرلەمانی دروست بکەن و کابینە پێکبێنن، بەڵام لە کوردستان بە جۆرێکی ترە، چونکە دوو هێزی سەرەکی هەن، هەر یەکەیان هەژموونی تەواوی بەسەر بەشێکی کوردستاندا هەیە و هەلومەرجەکانیش بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی ئاسایی لەبار نین، بۆیە لەم قۆناغەدا تاقە ڕێگا ڕێککەوتنی ئەو دوو لایەنەیە."