"کورد و بەرەی شام لەسەر چۆڵکردنی حەلەب رێکنەکەوتوون"

ڕوانگەی سوریا ڕایدەگەیەنێت" هێزە کوردییەکان و بەرەی شام تا ئێستا لەسەر چۆڵکردنی دوو گەڕەکی حەلەب ڕێکنەکەوتوون". 

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە" هێزە کوردییەکان و بەرەی شام لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە گفتوگۆدان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هەردوولا لەسەر چۆڵکردنی ئەو دوو گەڕەکە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە کاروانێکی ئاوارە لە عەفرین و ناوچەی شەهبا بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر لە شاری تەبقە لە لادێی ڕەققە بەڕێکەوتن، بەڵام لە ڕیگەدا لەلایەن چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە تورکیا پەلاماردران و چەند کەسێک برینداربوون. 

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەش دوای کۆنتڕۆڵکردنی تەلرەفعەت لەلایەن میلشیاکانی سەر بە تورکیا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کورد لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە گەرمارۆدران، تائێستا چەند دە هەزار کەسێکیان ڕزکاربوون و گوستراونەتەوە بۆ تەبقە.

بەپێی سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو کاروانەی کە لە ژێر پاراستنی دەستەی تەحریر شام بەمەبەستی چۆڵکردنی خەڵکی سڤیل بەڕێکەوتبوو، لەلایەن گروپەکانی سەر بە تورکیاوە هێرشکراوەتە سەریان و هەراسان کراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک قوربانی لە نێوان ڕیزەکانی ئاوارەکان.

 ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیانکردەوە کە دوێنێ ٣ هاوڵاتی مەدەنی کورد لەلایەن گرووپەکانی تورکیاوە سەربڕدراون.

ئەوەی تا ئێستا بە هەڵپەسیێدراوی ماوەتەوە، ئەو ئاوارانەی تری عەفرین و هەردوو گەرەکی شاری حەلەب شێخ مەقسود و ئەشرەفیەن کە بە سەدان هەزار هاوڵاتی کوردی تیا دەژی.



AM:09:34:03/12/2024