لیستی زەرد لە یەكێتی مامۆستایان: دژی بایكۆتكردنی دەوامین

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لیستی زەرد لە یەكێتی مامۆستایان ڕایگەیاند دژی بایكۆتكردنی دەوامن و داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات مانگانە لیستی مووچە بە بێ كێشە بۆ بەغداد بنێرێت.

ئەمڕۆ ٣ی كانونی یەكەم، لیستی زەردی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر نیگەرانی دەربارەی دواكەوتنی مووچە دەربڕی و ڕایگەیاند كە پشتگیری داواكاری فەرمانبەر و مامۆستایان دەكەین.

هەروەها ڕەخنەی لە حكومەتی عێراق گرت بەوەی هەر جارەی بە بیانوویەك كێشە بۆ مووچە دروست دەكات و داواشی لە حكومەتی هەرێم كرد مانگانە لیستی مووچە بە پاكی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت.

سەبارەت بە بایكۆتیش كە وردە وردە لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە، لیستی زەردی یەكێتی مامۆستایان ڕایگەیاند، بایكۆت بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و مامۆستا و فەرمانبەراندا نییە، چونكە ئەوە "بە مانای بایكۆتكردنی منداڵی خۆمان و قوتابی و خوێندكار و ئیشوكاری خۆمان دێت، كە ئەوەش زیانی ئابووری بە هەموو لایەك دەگەیەنێت”.




PM:01:49:03/12/2024