پەرلەمانتارێكی عێراق: نەوتی هەرێم هەناردە بكرێتەوە ناردنی موچە باشتر دەبێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كۆبوونەوەی ئەرێنی و باش لەنێوان لێژنەی دارایی و نەوت و وەزارەتی نەوتدا كرا. دەشڵێت: "نەوت هەناردە بكرێتەوە، ناردنی مووچە و بودجەی كوردستان باشتر دەبێت”.

خەلیل دۆسكی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: "چاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٥ دەكەین، كە بڕگەیەكی تایبەتە بە تێچووی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی دەنگ لەسەر بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردن و هەناردنی نەوتی كوردستان دەست پێبكاتەوە، كارەكە زەحمەتیی هەیە، بەڵام دەكرێت و تێدەپەڕێت”.

بەگوێرەی ڕێككەوتنێكی هەولێر و بەغداد، كە تایبەتە بە هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ نزیكەی ١٦ دۆلار زیاد دەكرێت؛ بەڵام دواتر كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریكردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت دەكات و ماوەی ٦٠ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە ئەو بڕە ڕاستەقینەیە دیاری بكات.

خەلیل دۆسكی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد: "ئەو ١٦ دۆلارە بەشێوەیەكی كاتی دەبێت، كاتێك هەفتەی ڕابردوو لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای بودجە كرا، ڕەزامەندیی زۆر لەسەر ئەو بڕگەیەی هەموارەكە نەبوو، كە باس لە تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت دەكات و بەشێكی پەرلەمانتارانیش سەرنج و تێبینییان لەسەری هەبوو؛ بۆ چارەسەكردنی ئەو تێبینییانە، ڕۆژی ١ی ١٢ كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی و باش لەنێوان لێژنەی دارایی و نەوت و وەزارەتی نەوتدا كرا”.

ئەنجامی كۆبوونەوەكە دەكرێتە ڕاپۆرتێك و ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، تا دواتر خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری بودجە بكرێت و پەسەند بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات هەناردەكرنەوەی نەوت بۆ مووچە و بودجەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش گرنگە، وتیشی: "نەوت هەناردە بكرێتەوە، موچه و بودجەی كوردستان باشتر دەنێردرێت و دەكرێت كێشەكان كەمتر ببنەوە”.




PM:02:40:03/12/2024