سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا دۆخی سووریایان تاوتوێکرد و ئەردەغان ڕایگەیاند" پاراستنی ئارامی ناوچەکە بۆ تورکیا پێشینەیە".
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئێوارەی ئەمرۆ سێ شەممە ٣ـی کانوونی یەکەم، ڕەجەب تەیب ئەردەغان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی بەتەلەفون قسەیان کرد و دۆخی سووریا و نوێترین پێشهاتەکان و پاراستنی سنوورەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان بوو.
ئەردۆغان ڕایگەیاند" گرنگی بە یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەدەن و لەو بارەیەوە لەگەڵ عێراق هاوڕان و جەختی لەوە کردووەتەوە پاراستنی ئارامی ناوچەکە بۆ تورکیا پێشینەیە و نابێت زیان بە خەڵکی سڤیل بگەیەندرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد گرنگی بە یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەدەن و لەژێر ڕۆشنایی ئاسایشی تورکیادا هەنگاویان هەڵناوە بۆ ڕێگریکردن لە پەکەکە و لق و پۆپەکانی کە پێشهاتەکان بقۆزنەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ڕژێمی سووریا بەشداری لە پرۆسەیەکی سیاسی ڕاستەقینەدا بکات بۆ ڕێگریکردن لەوەی دۆخەکە خراپتر بێت.