لاهور شێخ جەنگی لەسەر داهات و هێنانە ژوورەوەی سەیارەی ساختە زانیاری ورد ڕادەگەیەنێت

لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی توند  لەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ئەرێ ئێوە هەر بەزۆر حەز دەکەن خەڵک بێتە سەرجادە و چەکتان لێهەڵگرێت" دەشڵێت" تەنها داهاتی مەرزەکان ( خەتی تایبەتی سەرۆک )و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە واتا نزیکەی دوو تریلیۆن و سێ سەد میلیۆن دینار، زۆنی زەردیش دڵنیام ٣ هێندەی زۆنی سەوزە".

ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی مانوونی یەکەم لاهور شێخ جەنگی لەبارەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و هەروەها دابەشنەکردنی مووچە بە بیانووی کورتهێنان پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە.

لاهۆر سێخ جەنگی لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت" ئەمڕۆش گوێبیستی ئەوە بووم گوایە سەیارە بێسەرەتاکان دەستیان بەسەردادەگیرێت لە لایەن لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانییەوە! ئەمە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ئیدارەی گشتی داوای لێکردن کە ئەگەر ئاڵاو ڕەسمی سەرۆکی یەکێتی لەسەیارەکانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوا ئەوکات سەیارە بێمۆڵەتەکان کێشەیان نابێت لە داهاتوودا، ئەوانیش بەقسەیان کردن و سەیارەکانیان سەوز پۆش کرد! ئەنجامەکەی چی بوو؟!".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات " هەروەها لە ٢ مانگی ڕابردوودا خودی سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی پێنج هەزار سەیارەی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشەکیش پارەی خۆی بە نەقدی لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە کەچی ئێستا هەرخۆی بڕیاری داوە هەرکەسێک ئەو سەیارانەی کڕیبێت و لەسەرجادە بێت دەبێت دەستگیر بکرێت؟!".

لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران لاهەر شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت" ئەرێ ئێوە هەر بەزۆر حەز دەکەن خەڵک بێتە سەرجادە و چەکتان لێهەڵگرێت! نازانم دەبێت ئەم خەڵکی کوردستان چی لە ئێوە کردبێت کە بەم شێوەیە یاری بە عەقڵ و گاڵتە بە کەرامەتی دەکەن؟!"

ئاشکراشی دەکات"ئەگەر باسی کێشەی موچە و موچەخۆر بکەین ئەوە نازانین لەکوێوە دەست پێبکەین؟! چونکە ناکرێت گوایە لەبەر کورتهێنانی داهاتی ناوخۆ سێ مانگە ناتوانن موچە بدەن! ئەمە لە کاتێکدایە تەنها داهاتی مەرزەکان ( خەتی تایبەتی سەرۆک )و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە واتا نزیکەی دوو تریلیۆن و سێ سەد میلیۆن دینار، زۆنی زەردیش دڵنیام ٣ هێندەی زۆنی سەوزە، ئەمە جگە لە داهاتی ئەو نەوتەی کە هەردوولا بە قاچاغ دەیفرۆشن کەچی دەڵین داهاتی ناوخۆ بەشی موچە ناکات؟! ئەمە هەم سەیرە هەم شورەیی! ١٠ ساڵ زیاترە مووچە وەک چەک دژی میللەتەکەی خۆتان بەکاردەهێنن و لەسەر حسابی موچەخۆران گەندەڵی و تاڵانی دەکەن!"

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا لاهور شێخ جەنگی دەڵێت" هەست دەکەم بەزۆر دەتانەوێت خەڵک بێننە سەرجادە بەڵام ئەمجارەیان بەچەکەوە".




PM:11:06:03/12/2024