قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" لیژنەكانمان لە مانگی رابردوودا ٥٧٠ سەرپێچی تۆمار کردووە و ٢٩ شوێنیشی بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە داخستووە و، لیژنە هاوبەشەکان ١٧ تۆن خۆراک و شمەکی خراپشیان لەناوبردووە .
قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی ئاماری كارو چالاكیەكانی لیژنەكانیان لە مانگی ڕابردو تشرینی دووەم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە درێژەی بەدواداچونەکان بۆ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان، لیژنە هاوبەشەکانمان لە مانگی رابردوودا شەش هەزارو ٨٢٥ سەردانی ئەنجام داوە و ٥٧٠ سەرپێچی تۆمار کردووە و ٢٩ شوێنیشی بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە داخستووە.
دەشڵێن، بەپێی ئاماری لیژنەکان لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچونەکانیان لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا پسوڵەی ئاگادارکردنەوە دراوە بە ١٥٠شوێنکار و ١٧ تۆن خواردن و شمەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناوبراون.
لە بارەی سزاکانەوە لەو مانگەدا ٤٠ ملیۆن ٣٢٥ هەزار دینار سزای دارایی سەرپێچیکاران دراوە.