رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەبێت شێوازی نەهێشتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بە جۆرێک بێت خەڵکی فەقیر و هەژار زەرەرمەند نەبن."
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا کێشەیەکی گەورەیە، لە کوێوە دێن؟ بۆ ئەوەی زۆر بە راشکاوی پێتان بڵیم، ئەوانەی خوار مۆدێلن لە باشماخ و پەروێزخانەوە داخڵ دەبن، ئەوانەی پێیان دەوترێت کراون (مەلیکە)، لە خوارووی عێراقەوە داخڵ دەکرێن بۆ ئەوەی بکرێنە پارچەی یەدەگ، بەڵام بەداخەوە قاچاخچییەکان لە هەردوولاوە، چی لە پارێزگاکانی عێراق و چی هاوسنوور لەگەڵ گەرمیان و ناوچەکانی سلێمانی، ئەو ئۆتۆمبێلانە داخڵ دەکرێن، بە قاچاخی داخڵ دەکرێن و خەڵكێکی دەسترۆشتووش لە پشتیانە. باجەکەشی خەڵکی فەقیر و هەژار دەیدات.
رێبەر ئەحمەد باسی لەوەشکرد، لە هەموو بارودۆخێکدا هەبوونی ئەم ئۆتۆمبێلانە دیاردەیەکی ناتەندروستە، چونکە لە ڕووی پتەوی و سەلامەتییەوە ئامادە نین، رەنگە لە رووداوێکی پێکداداندا، سەرنشینانی ئەم ئۆتۆمبێلانە زیاتر ژیانیان لە مەترسیدا بێت.
سەبارەت بە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنیان رایگەیاند: نەهێشتنی لەسەر شەقامەکان شتێکی باشە بەڵام شێواز و مامەڵەکردن لەگەڵ نەهێشتنەکە دەبێت شتێک بێت هەموومان لەسەری رێکبکەوین، ئالیەتێکی ئیداری و یاسایی هەبێت، بۆ ئەوەی نە خەڵکی فەقیر و هەژار زەرەرمەند بن، نە سەلامەتی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە.
لەبارەی دۆخی مووچەوە، وەزیری ناوخۆ وتی: مووچە کەمتر پەیوەندی بە منەوە هەیە، بەڵام لە نزیکەوە ئاگادارم لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندیدان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
دووپاتیشیکردەوە، ئەمەی بەغدا دەیکات، "برسی کردن و ئەزیەت دانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و بە سیاسی کراوە، ئەمەش خزمەت بە پێکەوەژیان ناکات، چونکە ئەمە منەت نییە و بابەتەکە قوتی رۆژانەی خەڵکە. "
وتیشی: ئێمە وەک حکومەت و خەڵکیش بێزاربووین، ئەگەر کێشەیەک هەیە لە رێگەی دیوانی چاودێری و وەزارەتی دارایی با بخرێتە ڕوو، ئەوەی نەشدەبوو پێیان بدرێت، پێیان دراوە و هیچ بیانوویەک نەماوە، بەڵام هێشتا قوتی خەڵک بە سیاسی کراوە.
لە بەشێكی دیکەی کۆنگرەکەدا، رێبەر ئەحمەد باسی لەوە کرد: یەکێک لە پلانەکانی سەرەتای کابینەی نۆیەم، پلانی بە دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت بووە. یەکەم شوێنیش لە وەزارەتی ناوخۆ دەستیپێکردووە و بۆ داهاتووش پلانەکە بەردەوامە.