مامۆستایانی ناڕازی واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانیان ڕاگەیاند

ئەمڕۆ پێنج شەممە لیژنەی داکۆکی لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی لە سلێمانی بانگەوازێکی گشتی بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێکی جەماوەری ڕاگەیاند کە بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانا غەریب ئەندامی لیژنەکە داوای لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی شاری سلێمانی کرد کە بەشێوەیەکی کارا بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن کە بڕیارە ڕۆژی شەممە کاتژمێر (١٠) ئەنجام بدرێت.

زانا غەریب وتیشی" ئێمە مووچەی مانگی ١٠ و تشرینی دووەممان وەرنەگرتووە، هەرچەندە ئەرکەکانمان بە تەواوەتی جێبەجێکردووە، ئەمە نادادپەروەرییەکی ئاشکرایە و پێشێلکردنی پرەنسیپی ماف و ئەرکە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندانەکان کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی دەستپێدەکات.

ئەم بانگەوازانە لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی ناڕەزایی نێوان فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم دێت، بەهۆی دواکەوتنی دووبارەی خەرجکردنی مووچە.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش بەغداد گواستنەوەی ٧٦١ ملیار دیناری بۆ سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیاند، بەڵام تائێستا مووچەی فەرمانبەران دابەشنەکراوە، بەهۆی کورتهێنانی ٢٣٥ ملیار دینار. 



PM:02:07:05/12/2024