"ئەو کەسانەی هێرشیانکردۆتە سەر زانکۆکەمان چەقۆ و شەکرشکێن و کلکەخاکەنازیان پێبووە"

خوێندکارانی بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەمڕۆ ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنن" چەند کەسێکی نەناسراوە هاتوونەتە ناو حەرەمی زانکۆکە و خوێندکارێکیان بریندارکردووە"، دەشڵێن" ئەو کەسانە چەقۆ و شەکرشکێن و کلکەخاکەناز و داری گەورەیان پێبووە و بوونەتە هۆکاری ترساندن و پشێوی بۆ زانکۆکەمان". 

خوێندکارانی بەشی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە" ئەمڕۆ لەناو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن کەسانێکی نەناسراو و دەرەوەی زانکۆ، هێرشکراوەتە سەر زانکۆکەمان و خوێندکارێکمان بریندار دەکرێت لە بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆمان". 

دەشڵێن" ئەو کەسانەی هێرشیانکردووەتە سەر ئەو خوێندکارەمان حەرەمی زانکۆیان شکاندووە و پێشێلی مافی خوێندکارانیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسانە چەقۆ و شەکرشکێن و کلکەخاکەناز و داری گەورەیان پێبووە و بوونەتە هۆکاری ترساندن و پشێوی بۆ زانکۆکەمان". 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا خوێندکارانی بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆکە ڕاشیانگەیاندووە" ئەو کەسانەی هەستاون بەم کارە هەتا ئێستا دەستگیر نەکراون، بۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان وەکو خوێندکارانی بەشی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین بە زووی بکەرانی ئەو ئاژاوەگێڕییەی ئەمڕۆ دەستگیر بکەن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە". 



PM:06:23:05/12/2024