فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت" دۆخی ئێستای سوریا پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەیە لە پێناو پاراستنی هاوڵاتییان". دەشڵێت" تورکیا هەڕەشە لە منبج و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا دەکات، لە کاتێکدا دەمانەوێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین".
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کەمێک پێش ئێستا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند" چالاکی لەلایەن بەکرێگیراوانی داعشەوە لە بیابانەکاندا هەیە، ئێمە گەلەکەمان لە ڕەقە و تەبقە و دێرەزوور دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەن بۆ پاراستنی هەموو خەڵکی ناوچەکە، داواش دەکەین خەڵکی گشتی ناوچەکە بێنە دەوری هێزەکانی سوریای دیموکرات".
مەزلوم عەبدی وتیشی" سوریا شایەتحاڵی پێشهاتە نوێیەکانە، هەروەها هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لەناکاو داڕما".
دەشڵێت" دۆخی ئێستای سوریا پێویستی بە کردەوەی خێرا هەیە لەپێناو پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی و سەپاندنی ئاسایش لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵات".
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی سوریای دیموکرات" کاریان کردووە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتییانی مەدەنی لە لادێکانی حەلەب کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی تەل ڕەفعەت و شەهبا بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چۆڵکراون، هەوڵەکانیش بۆ گواستنەوەی ئەوانەی هێشتا لەو ناوچەیە ماون بەردەوامە".
فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕاشیگەیاند" دەوڵەتی تورکیا هەڕەشە لە منبج و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا دەکات، ئێمە دەمانەوێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و هەندێک هەوڵیش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا لەمبارەیەوە لە ئارادایە".
کۆبانێ هێمایی بۆ ئەوەشکرد" لە هەوڵی ئەوەداین کە هێرشەکان بەرەو ناوچەکانی ئێمە پەل نەهاوێژن و هیوادارین بە هاوکاری هەموو لایەنەکان ڕێگری لە گرژبوونەوەی زیاتری ئاڵۆزییەکان بکەین".