هەسەدە گیان لەدەستدانی سێ شەڕڤانی ڕاگەیاند

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت" لە ئەنجامی ڕووبەڕوبوونەوەی هێرشێکی گروپە چەکدارەکان لە رۆژئاوای شاری منبج سێ شەرڤان گیانیان لەدەستداوە". 
 
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازی منبج سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ شەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" دوێنێ هەینی هێزەکانی تورکیا و چەکدارە بە کرێگیراوەکان لە ناوچەکانی باکوور و باشوور و رۆژهەڵاتی منبج بەردەوام بوون لە هێرشکەکانیان". 

هەروەها ڕاشیگەیاندووە" هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە بە کرێگیراوەکانی لە هێرشەکەدا درۆنی خۆکوژیان بەکارهێناوە و دووجاریش گوندی قورعەیان بۆردوومانکردووە". 
 
هەسەدە دەشڵێت" لە وەڵامی هێرشەکەدا لە ناوچەی باب ژمارەیەک چەکدار کوژراون و سێ شەڕڤانیش گیانیان لەدەستداوە". 
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند" دەوڵەتی تورکیا هەڕەشە لە منبج و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا دەکات، ئێمە دەمانەوێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و هەندێک هەوڵیش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا لەمبارەیەوە لە ئارادایە". 

کۆبانێ هێمایی بۆ ئەوەشکرد" لە هەوڵی ئەوەداین کە هێرشەکان بەرەو ناوچەکانی ئێمە پەل نەهاوێژن و هیوادارین بە هاوکاری هەموو لایەنەکان ڕێگری لە ئاڵۆزییەکان بکەین". 

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیشی" لەگەڵ هێزەکانی تەحریری شام پەیوەندی و هاوئاهەنگمان هەیە". 



PM:01:20:07/12/2024