ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە ساڵح موسلیم باس لە پەیوەندی كورد و تەحریر شام دەكات و شەڕی ئێستای سوریا بە پرۆژەی ناتۆ ناولێدەبات كە ئەمریكا سەركرایەتی دەكات.
ساڵح موسلیم لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی (ANF) سەبارەت بە هێرشی چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لە 27ی تشرین دەڵێت: ئەو هێرشە لەلایەن ئەلنوسرە بە ناوە نوێكەی واتە بەرەی تەحریر شام ئەنجامدرا. سوپای نەتەوەیی سوریاشی لەگەڵە. دەستەی تەحریر شام لەناو خۆیدا رێكخراو و خاوەن دیسپلینە، سوپای نەتەوەی سوریاش ئەو چەتانەن كە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە دامەزراون، دوژمنایەتی گەلی كورد دەكەن و بە پارە دەجوڵێنەوە. فەرمان لە دەوڵەتی تورك وەردەگرن. چەندین گروپیان لەخۆگرتووە، بەڵام هەموویان چەتەن. ئەو دوو گروپە پێكەوە دەستیان بە هێرش كرد، بەڵام ئەوەی شوێنەكان كۆنترۆڵ دەكات و بەڕێوەیان دەبات دەستەی تەحریر شامە.
بەوتەی ساڵح موسلیم "روسیا، حزبوڵا و ئێران نوێنەرایەتی بەرەیەك دەكەن. دەستەی تەحریر شام بەرەیەكی جیاوازە. پەیوەندییەكانی بەرەی تەحریر شام و دەوڵەتی تورك باشە. لایەنێكی دیكەی شەڕەكەش ئێمەین، واتە دینامیكەكانی سوریا لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری مامەڵە دەكەن".
ساڵح موسلیم سەبارەت بە حكومەتی داهاتووی سوریا و پێگەی تەحریر شام دەڵێت: لە سەرەتای شەڕی سوریاوە تائێستا هەمووان باسیان لە چارەسەری سیاسی دەكردەوە. لەبەر ئەوەی تائێستا دەوڵەتی تورك رۆڵی سەرەكی هەبوو گەلی كورد لەو هەوڵانەی چارەسەریدا دوورخرابوونەوە. لەبەر ئەوەی لەگەڵ كوردەكان دانەنیشتن، چارەسەری نەدۆزرایەوە. ئێستاش دۆخەكە دەگۆڕێت. دەستەی تەحریر شام قسەی جیاواز دەكات. ئەگەر تەحریر شام بگۆڕێت و لە ژێر كۆنتڕۆڵی دەوڵەتی توركدا نەبێت ئێمە دەتوانین پەیوەندی لەگەڵ ساز بكەین و دیالۆگمان هەبێت. تەحریر شام باس لەوەدەكات كە پەند و ئەزمونیان لەهەڵەكانی ٢٠١٢ وەرگرتووە و باس لە یەكێتی دەكەن. پێكهاتەی سوریا نوێنەرایەتی ناسنامەی ئایینی و ئەتنیكی جیاجیا دەكات. بە گوێرەی چەندین شرۆڤە و هەڵسەنگاندن؛ لە سوریا سیستمێكی فیدڕاڵ كە لە سێ لایەن پێكدێت، پێشنیاز دەكرێت. باسی سیستمێك كە لای رۆژئاواوە هەرێمی سونە، هەرێمی كوردەكان و باسی هەرێمێكیش لەلای رژێمەوە دەكرێت. نازانم چەندە ئەمە دێتەدی یان نا بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاشكرایە كە سەردەمێكی نوێ دەستپێدەكات.
ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەوان: "لەرێگەی نێوەندگیر و هاوپەیمانی نێونەتەوەییەوە هەندێك دیدار هەیە. بۆ ئەوەی لەگەڕەكە كوردیەكانی حەڵەب پێكدادان روونەدات، هەندێك پەیوەندیمان سازكرد. پەیوەندی بەو جۆرە ساز دەبن و دەڵێن هیچ پەیوەندییەكمان بەئێوەوە نییە. بەڵام نازانین لە داهاتوودا چی روودەدات".
سەبارەت بە رۆڵی ئیسراییل لەم شەڕەدا ساڵح موسلیم دەڵێت: هەرچەندە بە ڕاستەخۆش نەبێت، بەڵام ئیسرائیل زلهێزێكی كاریگەرە. بۆ نموونە هۆكاریی بنەڕەتی كەوتنی حەلەب لاوازبوونی حیزبوڵایە. هەموو ئەمانە دەرنجامی هێرشەكانی ئیسرائیلە. بۆیە پەیوەندییەكی كاریگەر لەنێوان دۆخی ئێستا و هێرشانەدا هەیە.
ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە سەبارەت بە پێگەی روسیا و ئێران لەم دۆخەی سوریادا دەڵێت "ئێران بە بەردەوامی باسی بەرفراوان كردنی ئیسلامی دەكرد. بۆیە وای دەبینم لەم دۆخەدا ئێران دەپێچنەوە ناو سنوری خۆی. سەبارەت بە ڕووسیاش زەحمەتە لە دژوەستانەوەدابێت و بۆ كەسانی دیكە شەڕ بكات. هەرخۆی دۆخی ئۆكرانیا بارێكە بەسەرییەوە. پەیوەست بە سیاسەتە بەرژەوەندی خوازییەكانی توركیاوە، بە دڵنیاییەوە بە پەیوەندییەكانی خۆیدا دەچێتەوە لەگەڵ توركیادا".
ساڵح موسلیم پێیوایە ئەم دۆخە "دۆخێكە كە بە پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورە ناوی دێنیین. ئەمە پڕۆژەیەكی ناتۆیە و ئەمریكا سەركردایەتی دەكات".