رێکخراوە تەندروستییەکان مۆڵەتی (٤٨) کاتژمێر بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان سەبارەت بە پێدانی مووچە و پلە بەرزکردنەوەی پیشەی،هەروەها هەڕەشەی ڕاگەیاندنی "مانگرتنی گشتی"یان کرد کە سەرجەم دامودەزگا تەندروستییەکان دەگرێتەوە ئەگەر ئەو داواکاریانە جێبەجێنەکرێن .
شەماڵ ئەحمەد ئەندامی دەستەی باڵای سەندیكای تەندروستی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" حەوت سەندیکای تەندروستی کۆبوونەوە و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بە ژمارە (١) بڵاوکردەوە، داوای لە دەسەڵاتداران بۆ خەرجکردنی مووچەی کۆتایی سێ مانگی ساڵی ئێستا، و دڵنیابوون لە دابەشکردنی مووچە لە بەروارە دیاریکراوەکان لە داهاتوودا دەکەن، ئەمە جگە لە یەکلاکردنەوەی ئەو پاداشت و پلەبەرزکردنەوە پیشەییانەی کە تا ئێستا خەرجنەکراون".
دەشڵێت" کارمەندانی کەرتی تەندروستی پێشبینیان دەکرد، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە دەزگاکانی یاسادانان و چاودێری ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بەدواداچوون بۆ مافەکانی هاوڵاتییان و فەرمانبەران، بەڵام ئەو چاوەڕوانیانە جێبەجێنەکران و قەیرانی مووچە نوێکرایەوە".
شەماڵ ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە، سەندیکاکان بەیاننامەیەکی نوێ دەردەکەن کە ژمارە (٢)ی لەسەرە ئەگەر وادەکە تەواو بێت بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکان، لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستپێکردنی مانگرتنی گشتی لە سەرجەم دامودەزگا تەندروستییەکانی پارێزگای سلێمانی ڕادەگەیەنن.
جەختیشیکردەوە کە مانگرتنەکە شوێنە هەستیارەکان ناگرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتییان.