خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەکان ڕاگەیاند

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕایدەگەیەنێت" ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ دیالۆگ و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ". 

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکردەوە" ئێمە وەک بەشێک لە پێکهاتە و لە جوگرافیای سووریا لەپێناو پاراستنی گەلی سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا کاردەکەین، ئێمە زمانی دیالۆگی ئاشتییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەبێ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێکی سووری، بە بنەما دەگرین". 

هەروەها ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت" ئامادەین بۆ دیالۆگ، دەست دەخەینە دەست هەموو لایەنەکانی سووریا لەپێناو ڕەنگڕێژکردنی سووریای داهاتوو". 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیە: 

"لە سەرەتادا بە بۆنەی ڕووخاندنی ڕژێمی ستەمکاری سووریا پیرۆزبایی لە هەموو گەلانی سووریا و سڵاو لە گەلەکەمان دەکەین کە لە پێناو ئازادیی و یەکسانییدا بەنرخترین قوربانیاندا، دوای ١٤ ساڵ لە تێکۆشان و پێکدادان، ڕژێمی ستەمکاری سووریا بە هەموو دامەزراوە و سوپاکەیەوە، ڕووخا، ئەو ڕژێمە ناسنامەی نەتەوەیی و کەلتووری پێکهاتەکانی سووریای پشتگوێ خست، سیاسەتی پێشێلکاریی لە دژی هێزە دیموکراسییخوازەکان بەڕێوەبرد و نکۆڵی لە مافەکانی گەلانی سووریا کرد.

نەتەوەپەرستی، ئاینپەرستی و مەزهەبپەرستی بە بنەماگرت و بووە مایەی ئەوەی سووریا بەرەو دۆخی نالەبار ببات، ئەوە بووە مایەی کوشتنی سەدان هەزار و کۆچبەربوونی ملیۆنان کەس لە گەلی سووریا، ئێمە وەک پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە هەرێمەکەمان یەک لەو هەرێمانەیە کە زۆرترین ستەم و نادادی بەرامبەر دەکرا، لەپێناو پاراستنی گەلەکەمان بە هەزاران شەهیدمان دا، ئازارمان چەشت و ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری بووینەوە.

لە ساڵانی پێشووی شۆڕشدا، لەگەڵ هەموو هەوڵدانە هەرێمایەتی و نێونەتەوەییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی سووریا لە ڕێگەی ئاشتییانە، بەڵام ڕژێم سیاسەتی خۆبەدوورگرتنی درێژەپێدا و لە دیالۆگێکی جدی و بونیادنەرانە خۆی دەدزیەوە، زیاتر سیاسەتی یاریکردن بە کات لەپێناو کردنەوەی ڕێگە لە بەردەم گەورەترکردنی قەیرانەکانی سووریای بە بنەماگرت، هۆکاری ئەوەی لە سووریا دەگوزرێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕژێمە بێدەربەست و بێسەروبەرەیە.

وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە درێژایی ساڵانی پڕ لە قەیران هەموو دەرفەتەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ دۆسییەکانی سووریا تەرخان کرد، بەڵام ڕژێمی سووریا وەڵامی خەباتەکەی نەدایەوە و لەبەر ئەوەش بەرپرسە لەو شتانەی لە سووریا دەگوزەرێن.

ئێمە پابەندی بنەما و پرەنسیپەکانین

ڕایدەگەیەنین کە ئێمە پابەندی ئەو پرەنسیپ و بنەمایانەین کە لە ماوەی ڕابردوودا لە چوارچێوەیاندا کارمان کردووە.

ئێمە وەک بەشێک لە پێکهاتە و لە جوگرافیای سووریا لەپێناو پاراستنی گەلی سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا، کاردەکەین، ئێمە زمانی دیالۆگی ئاشتییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەبێ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێکی سووری، بە بنەما دەگرین.

جەخت دەکەینەوە کە ئێمە لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و فرەڕەنگدا کە مافەکانی هەموو گەلانی سووریا بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکات، ڕۆڵێکی پێشەنگانە دەگێڕین.

ئێمە داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی سووریا دەکەین کە ڕاوەستە لەسەر ماوەکانی ڕابردوو بکەن و وانەی لێوەفێربن، هەروەها هەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکە لە ئاڵۆزی بخەنەگەڕ.

با پێکەوە خزمەتی بەرژەوەندی هەموو گەلانی سووریا بکەین

وەرن ئەم قۆناغە بکەینە لاپەڕەیەکی نوێ کە ئێمە پێکەوە هاوکاری بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتنێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلانی سووریا بکات، داوا لە هەمووان دەکەین کە دوور لە سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێخستن بوەستنەوە، کە لەماوەکانی ڕابردوودا ڕژێمی سووریا بە بنەمای گرتبوو.





PM:06:47:08/12/2024