ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج: لە ئێستادا پێکدادانەکان لە دەروازەی منبج بەردەوامە

ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج کە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت"مەنبج نەکەوتووە و دەیان کوژراو و بریندار لەنێو ڕیزەکانی بەکرێگیراوەکاندا هەیە".

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە ماوەی ١٢ رۆژی رابردوو و پاش تەشەنەسەندنی رووداوەکانی ئەمدواییەی سووریا، چەکدارانی نزیک لە تورکیا بە پاڵپشتی ئاسمانی تورکیا، دەیان هێرشیان کردووەتە سەر منبج و گوندەوارەکانی و سەرجەم ئەو هێرشانە لە لایەن هێزەکانیانەوە پوچەڵکراونەتەوە.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئاستی هێرشەکان بۆ سەر شارەکە، لەسەرجەم میحوەرەکانەوە بەرزتربوونەتەوە و لە ئێستادا پێکدادانە توندەکان لە میحوەرەکانی تۆخار، عەون دادات، عەرەب حەسەن و ئەلعەریمە بەردەوامییان هەیە.

راشیانگەیاند، کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی تورکیا و زرێپۆشەکانیان، چەکداران لە دەروازەی باشووری شارەکە پێشڕەوییان کردووە و لەوێ کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە و لە ئێستادا پێکدادانەکان لە دەروازەی شارەکەدا بەردەوامن.

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەڵێت، متمانەی تەواویان بە توانای شەڕڤانەکانیان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، شانبەشانی خەڵکی منبج و ئامادەی بەرگریکردنن لە شارەکەیان.




PM:07:13:08/12/2024