لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەخت لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی سنووری عێراق و هەڵوێستی عێراق لە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا کرایەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆکایەتییەکانی عێراق و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد.
لە کۆبوونەوەکە د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەشداربوون.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکە رێکارەکانی پاراستنی خاکی عێراق لە کاردانەوەکانی لە ئەنجامی پێشهاتەکانی سوریا دروستدەبن خرانەڕوو.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەروەها جەخت لە گرنگیی چڕکردنەوەی رێکارە ئەمنییەکانی پاراستنی سنووری عێراق – سوریا، پشتیوانیکردن لە رێکارەکانی حکومەتی بەغداد لە پاراستنی ئاسایشی سنوور و دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتییان لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتییان لە هەڕەشەکانی ئێستا کرایەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکە هەڵوێستی جێگیری عێراق لە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی سووریا و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دوپاتکرایەوە، هەروەها رێزگرترن لە سەروەری خاکی ئەو وڵاتە و هەڵبژاردەی خەڵکەکەی بە گرنگ هەژمارکرا.