گەورەترین پارتی کوردی، دەم پارتی لەسەر دۆخی سوریا داوا دەکات سەرجەم چین و توێژەکان بە سازان دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسنەوە.
لە راگەیەندراێکدا، ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) لەبارەی کۆتایهاتنی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، دەڵێن "ئیتر پێویستە سووریا پەند لە رابردوو وەربگرێت و لەپێناو وڵاتێکی ئازادیخوازدا، بە بەشداریی سەرجەم چینەکان دەستوورێکی نوێ بە سازان بۆ سووریا بنووسرێتەوە".
لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، پارتی دەم داوا دەکات نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە بیانییەکان دەوریان هەبێت و لە بارەی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێوە دەڵێن " لەڕێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەرەوە کە کورد، عەرەب، کریستیان و کەمایەتییەکانی دیکەی تێدا بێت، رێگە لەبەردەم ئاساییبوونەوەی دۆخی سووریا بکرێتەوە".
بەرەبەیانی ٨ ی کانوونی یەکەم بەرەی شام و هاوپەیمانەکانی چوونە ناو شاری دیمەشق، سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەگەڵ خێزانەکەی هەڵهات بۆ رووسیاو، بەمەش کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات.