لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ یەکەمجار قسەی لەگەڵ چالاکوان نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کرد کە بەهۆی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەشێوەیەکی کاتی لە زیندان گواسترایەوە.
لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ، لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە بەشێوەی ئۆنلاین بە زمانی ئینگلیزی قسە لەگەڵ نیرگز محەمەدی چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسی لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.
هەروەها لیژنەکە ڕوونیکردووەتەوە کە نێرگز محەمەدی چۆن لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا زانیویەتی کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرکرابوو لە تاران.
نێرگز محەمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەشی ژناندا ناتوانن لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا دەستیان بە تەلەفۆنەکان بگات، بەڵام یەکێک لە هاوڕێ زیندانییەکانی توانی پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە بکات کە لە بەشی پیاوانیشدا لە زیندان بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەڕێگەی ئەوانەوە هەواڵێکی سەرسوڕهێنەرمان زانی: من خەڵاتی نۆبڵم بەدەستهێناوە لەو ساتەدا دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی بە کوردی) لە بەشی ژنان لە ئەڤین بەرزکرایەوە.
لیژنەکە ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا نێرگز محەمەدی بە هۆکاری پزیشکی، دەسەڵاتی ئێران بڕیاری گواستنەوەی ئەو چالاکوانەی دەرکردووە کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە دەستبەسەر کراوە، تەنها بۆ ماوەی سێ هەفتە لە زیندان دەرچووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داوای یەک لە دوای یەک بۆ ئازادکردنی هەمیشەیی و بێ مەرجی ناوبراو دەکرێت.
نێرگز محەمەد چالاکوانێکە و ژیانی خۆی بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەسەربردووە و چەندین جار لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی هەڵمەتە بێوچانەکانی دژی سزای لە سێدارەدان و حیجابی ناچاری و زیندانیکردنی تاکە کەسی، لە ئێستادا لە ئێران زیندانیکراوە.