"هێرشەکانی تورکیا هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری تێکدەدەن"

خۆسەری ڕۆژئاوا هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامی ئەنجامدانی "کردەوەی تاوانکاری" لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری تێکدەدات.

ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات سوود لە "دۆخی ئاژاوەگێڕی" لە سوریا وەربگرێت، بە ئامانجی چەسپاندنی سیاسەتەکانی.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی خۆسەر ئیدانەی داگیرکەری تورکیا کردووە کە کۆمەڵکوژییەکی لە گوندی مستریحەی سەر بە لادێی عەین عیسا ئەنجامدا و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١٢ هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و کۆمەڵکوژییەکی دیکەش لە لادێی کۆبانی کە تێیدا دوو منداڵ کوژران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەم کارانە مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنی دروستدەکەن و دەیانخەنە بەردەم هەڵبژاردنی سەخت لەنێو ئەم سەختیانەی کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم ئۆرگانەکانی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و هێزە چالاکەکانی سوریا کردووە کە ڕێگری لەو کارانە بکەن بەرامبەر بە هاوڵاتییانی مەدەنی و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کارانە بکەن و کاربکەن بۆ پاڵپشتی هەوڵەکانی ئیدارەی خۆسەر بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕێگەی هاودەنگی لە گەلەکەی.



AM:09:39:10/12/2024