سەرۆکی یەکێتی سەبارەت بە دۆخی سوریا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" تا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک بەدینایەت".
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە وردی چاودێری ڕووداو و پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد و بە بایەخەوە لە گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەڕوانین".
سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت" ئێمە بە تەواوی ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە، هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت".
بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاند" لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هاتووە" جەخت لە ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوە ژیانی ناوچەکە بکەن، چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت".