نرخی مریشک دادەبەزێت

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نرخی مریشک دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکردووە".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵگەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی کوردستان رایگەیاند" نرخی یەك كیلۆ مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكاندا بە ٢ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ٢ هەزار و ٥٥٠ دینار دەفرۆشرێت کە بە بەراورد بە دوو هەفتەی ڕابردوو نرخەكەی دابەزیووە و ئەو کات نرخەکەی بە ٢ هەزار و ٧٠٠ دینار بوو". 

وتیشی" تێچووی یەک کیلۆ بۆ خاوەن کێڵگەکان دەگاتە ٢ هەزار و ٤٠٠ دینار، ئەمەش هۆکاری دابەزینی نرخەکانە". 

نازم عەبدوڵلا دەشڵێت" کەرتەکە هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە کە پێویستی بە دەستێوەردانی حکومەت هەیە، گرنگی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خاوەن کێڵگەکان بە دابینکردنی غاز و سووتەمەنی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی کە کرێکاران لەم بوارەدا تووشی دەبن". 



PM:01:16:10/12/2024