وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا و بێ دواكەوتن، ئەو فەرمانبەرانەی كە تا رێكەوتی ٣١ی کانوونی یەکەم تەمەنی یاساییان دەبێتە ٦٠ ساڵ بە لیستێك ڕەوانەی وەزارەت بكرێت.
بەپێی گشتاندنێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دوێنی دوو شەممە ٩ی كانوونی یەكەم بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری وەزارەتەكە ئاڕاستەی وەزارەتەكان و فەرمانگەكان كردووە، لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە یاسای ڕاژەی سەربازی و شارستانین و تاكو ڕێكەوتی ٣١ی کانوونی یەکەم ماوەی تەمەنی یاساییان دەبێتە ٦٠ ساڵ لەسەر میلاكتان بۆمان ڕەوانە بكەن بەپێی خشتەی هاوپێچ.
بەپێی گشتاندنەكە، لە ماوەی ١٥ ڕۆژ دوای گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بێ دواكەوتن ناوەكان ڕەوانەی وەزارەت بكرێت.
هەرچەندە گشتاندنەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هیچ وردەكارییەكی لە پڕۆسەكەدا ڕوون نەكردووەتەوە، بەڵام پێدەچێت بە مەبەستی وەرگرتنی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە بێت، كە تەمەنیان دەگاتە خانەنشین بوون، چونكە تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون لە عێراق ٦٠ ساڵە و هەوڵێك هەیە بكرێتە ٦٣ ساڵ، كە لە هەرێم تاوەكو ئێستا ٦٣ ساڵە.