لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای تورکیا بۆسەر منبج لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی زنوبیا گیانیان لەدەستدا.
ئەنجوومەنی ژنانی زنوبیا، شەوی ڕابردوو بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە و تێیدا گیان لەدەستدانی سێ ئەندامی خۆی لە ئەنجامی بۆردومانی منبج لەلایەن تورکیاوە ڕاگەیاند و تێیدا هاتووە" ئێمە لە کۆڕبەندی ژنانی زنۆبیا بە دڵێکی پڕ لە خەم ماتەمینی شەهیدبوونی هەڤاڵانی ئازیزمان، تێکۆشەرانی ئازا، قەمەرئەسواد، عائیشە عەبدولقادر، و ئیمان دەگرین، لە پێناو بەرگریکردن لە خاکەکەمان و بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر منبج هەڤاڵان نموونەیەکی زیندوویان پێشکەشکردووە".
ئەنجوومەنەکە دەشڵێت" شەهیدبوونی هەڤاڵانمان کۆتایی خەباتیان نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێن و وەفادارییان بۆ دۆزی دادپەروەرانەی ئێمە، و بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆی خوێنی پاکیان خاکەکەمان ئاودێری دەکات و دەبێتە سووتەمەنی بۆ بەردەوامیمان خەبات بکەین تا سەرکەوتن بەدەست بهێنین و خاکەکەمان لە پیسی داگیرکەر ڕزگار بکەین".
هەروەها داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر منبج و پاراستنی خەڵکی سڤیل لەو تاوانە جەنگییانەی کە ئەنجامی دەدات.