ئەنجومەنی وەزیران پرسی موچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجە تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی مووچەی فەرمانبەران و هەموارکردنەوەی یاسایی بودجە تاوتوێ دەکات. 

بەپێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن كۆدەبێتەوە و تێیدا دوو بڕگە تاوتوێ دەكەن. 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە پێشەكی كارنامەکەدا دواپێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و خشتەكانی هاوپێچی یاساكە بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٥ و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەمدواییەی وڵاتی سووریا گفتوگۆ دەكرێن.

هەروەها لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە بۆ هاوتاكردنی ناونیشانە وەزیفییەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەبەر ڕۆژنایی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٤ دەخرێتەڕوو.

لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی وزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان سەبارەت بە كاروباری وەزارەتەكەی دەخرێتەڕوو.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە و بڕیار لەسەر سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت.

هەرچەندە لە ئێستادا لە ناوەڕاستی مانگی ١٢ نزیکدەبینەوە، بەڵام تائێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.



AM:10:33:11/12/2024