لە گوندێکی قەزای ئامێدی دوو درۆن کەوتنە خوارەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە لە گوندێکی سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک دوو درۆن کەوتنە خوارەوە. 

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ لە گوندی بەرکی سەر بە پارێزگای دهۆک دوو درۆن کەوتنە خوارەوە و دەنگی هاوەن و گولە بیستراوە لە نزیکی گوندەکە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، بەرگری ئاسمانی تورکیا سەرکەوتوو بووە لە خستنە خوارەوەی یەکێک لە درۆنەکان، لە کاتێکدا درۆنی دووەم بەبێ دەستێوەردانی بەرگری ئاسمانی کەوتووەتە خوارەوە.

ئاماژە بەوەشدەکەن، ڕووداوەکە نیگەرانی لای دانیشتوانی گوندەکە دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە بەڕێوەبەری قوتابخانەی (نهێل) دەوامی خوێندن ڕابگرێت بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و ستافی مامۆستایان. 

ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک شاهیدی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانن، بەو پێیەی ڕووبەڕووبوونەوەکان لە نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دووبارە دەبنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی دروستکردووە کە ڕووبەڕووی مەترسی ئاوارەبوون و لەناوچوونی موڵک و ماڵی خۆیان دەبنەوە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی هەردوولا. 



PM:12:34:11/12/2024