ئاسایشی هەرێم ( سلێمانی ) رایدەگەیەنێت کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا هێزەکانی ئاسایشی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیانگرتووە بەسەر ١٠١٩ تۆمەتباری مادەی هۆشبەرو ٣ تەن و ٢٤ کیلۆ و ٦٠٠ غرام و کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەردا.
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ئاماری ساڵی ٢٠٢٤ بڕی مادەی هۆشبەرو، ژمارەی تۆمەتبارانی دەستگیرکراوی راگەیاند.
لەو کۆنگرەیەدا، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی وتی " لەم ساڵدا ١٠١٩ تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە ٤٩ گیراویان مێینەن و ٩٧٠ یان لە رەگەزی نێرن".
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون تەمەنیان لە ١٨ ساڵەوەیە تا ٦٤ ساڵ ".
" سلێمانی لەرووی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە پاکترین پارێزگای عێراقە "، ( بەرپرسەکەی ئاسایش ئاماژەی بۆ کرد ).
عەقید سەلام عەبدولخالق لە میانەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد کە دەستبەسەر کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەریشدا گیراوە.
ناوبراو باسی ئەو مادە یاسایانەی کرد کە تۆمەتبارانی پێ دەستگیرکراون، هەروەها جۆری ئەو مادە هۆشبەرانەی بە گیراوەکان بووە و، جۆری تۆمەتەکانیان کە ئایا بەکارهێنەر بوون، یان بازرگانیکار، یان هەردووکیان، ئەمە جگە لەچەندان ئاماری ورد کە لەکۆنگرکەدا خرانە روو.