لە ٢ رووداوی هاتووچۆدا شەش هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ٤٤ـی دیکەش بریندار بوون

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگەی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ٤٤ـی دیکەش بریندار بوون.

 بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای سنە رایگەیاند"  بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی بیجار و دیواندەرە روویداوە".

حوسێن جەعفەری وتی"لە رووداوەکەدا چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە تەندروستی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە."

دوای ئەوەی لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە،  تیمەکانی فریاکەوتن بە ١٠ ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری چوونەتە شوێنی رووداوەکە، هەروەها تیمەکانی مانگی سووریش بە سێ ئامبولانس گەیشتنە ناوچەکە."

ئەو بەرپرسەی فریاکەوتنی پارێزگاکە دەڵێت"بریندارەکان دوای ئەوەی فریاگوازیی سەرەتاییان بۆ کرا، گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەرمی ئەو کەسانەش کە گیانیان لە دەستداوە گوازراوەتەوە بۆ دادپزیشکی."

حوسێن جەعفەری رایگەیاند،" لە رووداوێکی دیکەدا لەسەر رێگەی نێوان قوروە و دێوڵان لە پارێزگای سنە، مینی پاسێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و ١٩ی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەشدا کە  ١٦ لە بریندارانی رووداوەکە بۆ نەخۆشخانەی شاری قوروە و سێ برینداری دیکەش بۆ نەخۆشخانەی دێوڵان گوێزرانەوە. 

تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوەکان دەستیپێکردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو ٢١-١١-٢٠٢٤، لانیکەم ٣٥ کەس لە سنووری پارێزگاکە، بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.



AM:09:18:12/12/2024