وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت" هەموو کێشەکانمان چارەسەر کردووە تاکووهیچ بیانوویەک بەدەست بەغدا نەمێنێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە ئێستا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و ستافەکەی هەیە، بەبەردەوامی تیمەکانمان لەسەر هێڵن، هەفتانە یان مانگانە تیمەکانمان چەند جارێک دەچنە بەغدا".
هەروەها وتی "مانگی ١٠، تیمی تەکنیکیی ئێمە ٤ هەفتە لەوێ بووە و، بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانیان چارەسەر کردووە، ئێستاش دەتوانین بڵێین هیچ بیانوویەکی وا بەدەست وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەماوە کە مانگی ٧ نزیکەی ٦٠٠ ملیار دیناری لە ئێمە بڕی، بەبیانووی هەندێک کێشە، بەڵام ئێستا هەموو بابەتەکان چارەسەر کراون."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ١٢ی مانگی دوازدەیەوە و تا ئێستا مووچەخۆرانی مانگی ١٠یان وەرنەگرتووە و تا ئێستاش چارەنووسی ٣ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ یەکلایی نەبووەتەوە.