کادیرێکی ژنی یەکێتی لە نامەیەکدا کە ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی کردووە، دەڵێت" پێویستە هاوكاربین لە هەنگاوە دروستەكان و رێگری بكەین لە كۆمەڵێك هەنگاوی نابەرپرسانەی ترسناك".
پەرێز عومەر چالاکوانی ژنان و کادیری یەکێتی، هاوکات لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر کاندیدی یەکێتی بوو، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکەی کردووە، ڕایگەیاندووە" لە كاتێكدا دەزانین ناوچەكە و كیانەلەرزۆكەكەی باشور و حزبایەتی و تەنانەت یەكەی خێزان و بونیادی كەسایەتی تاكیش لەم وڵاتە لە ژێر مەترسی و گۆڕانكاری گەورەدان، پێویستە بە هەموومان بیربكەینەوە و نەخشەسازی بكەین، هاوكاربین لە هەنگاوە دروستەكان و رێگری بكەین لە كۆمەڵێك هەنگاوی نابەرپرسانەی ترسناك".
دەشڵێت" ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەیان و دەیان و دەیانیتریش كێشەی نەبوونی بەڕێوەبردنێكی باش و غیابی پرەنسیپەكانی بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی وەك دیاردەیەكی زۆر مەترسیدار بەرۆكی هەمووانی گرتووە و هەمووشمان پێوەی گیرۆدە و تەنانەت شەرمەزاریش بووین،
سەرەڕای هەموو ئەم بابەتانەی لەسەرەوە باسم كرد، دیاردەیەكیتری زۆر خراپ و بێزاركەر لە ئێستادا هەمووانی ماندوو و بێ ئومێدكردوە، ئەویش وەڵامنەدانەوەیە لەسەرەوە بۆ خوارەوە".
لە نامەکەدا ئەوەش هاتووە" بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ٩ ساڵە هەوڵ دەدەم و ناگەم بە وەڵامی هیچ یەك لەو پرۆژانەی لە پێناو (نیشتمان، نەتەوە، ژن) پێشكەشی حزبەكەمیان دەكەم، بڕیارمدا ئەم نامە كراوەیە بنوسم، لە كاتێكدا نەتها من نیم كێشەی وەرنەگرتنەوەی وەڵاممان لە نێو ئەم حزب و حكومەت و ئیدارەیەدا هەیە، بەڵكو دەیان و سەدان كەس بیرۆكە و پرۆژە و پێشنیاری جوانیان هەیە، بەڵام هەزارجار بەداخەوە ئەگەر بەرپرسێكی باڵات لە پشت نەبێت، یان وەڵام نادرێیتەوە یاخود پرۆژەكان دەبردرێن و لە راگەیاندن و لابەلا دەبینین بە سەقەتی جێبەجێكراون و هیچ گەڕانەوە و وەڵامێك بۆ خاوەنەكانیان نەبووە".
دەقی نامەکە بەمشێوەیە:
سڵاو سەرۆك...
نامەی كراوە...
بەڕێز سەرۆك... لەكاتێكدا دەزانین ناوچەكە و كیانەلەرزۆكەكەی باشورو حزبایەتی و تەنانەت یەكەی خێزان و بونیادی كەسایەتی تاكیش لەم وڵاتە لەژێر مەترسی و گۆڕانكاری گەورەدان، پێویستە بەهەموومان بیربكەینەوە و نەخشەسازی بكەین، هاوكاربین لە هەنگاوە دروستەكان و رێگری بكەین لەكۆمەڵێك هەنگاوی نابەرپرسانەی ترسناك.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەیان و دەیان و دەیانیتریش كێشەی نەبوونی بەڕێوەبردنێكی باش و غیابی پرەنسیپەكانی بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی وەك دیاردەیەكی زۆر مەترسیدار بەرۆكی هەمووانی گرتووە و هەمووشمان پێوەی گیرۆدە و تەنانەت شەرمەزاریش بووینە.
سەرەڕای هەموو ئەم بابەتانەی لەسەرەوە باسم كرد،دیاردەیەكیتری زۆر خراپ و بێزاركەر لە ئێستادا هەمووانی ماندوو و بێ ئومێد كردوە، ئەویش وەڵامنەدانەوەیە لەسەرەوە بۆ خوارەوە،
بەڕێز سەرۆكە نەتەوەییە بوێرەكە... بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 9 ساڵە هەوڵ دەدەم و ناگەم بەوەڵامی هیچ یەك لەو پرۆژانەی لەپێناو (نیشتمان، نەتەوە، ژن) پێشكەشی حزبەكەمیان دەكەم، بڕیارمدا ئەم نامە كراوەیە بنووسم، لەكاتێكدا نەتها من نیم كێشەی وەرنەگرتنەوەی وەڵاممان لەنێو ئەم حزب و حكومەت و ئیدارەیەدا هەیە، بەڵكو دەیان و سەدان كەس بیرۆكە و پرۆژە و پێشنیاری جوانیان هەیە، بەڵام هەزارجار بەداخەوە ئەگەر بەرپرسێكی باڵات لەپشت نەبێت، یان وەڵام نادرێیتەوە یاخود پرۆژەكان دەبردرێن و لە راگەیاندن و لابەلا دەبینین بە سەقەتی جێبەجێ كراون و هیچ گەڕانەوەو وەڵامێك بۆ خاوەنەكانیان نەبووە.
بەڵێ لە ئێستادا یەكێك لە سیماكانی (((مەسئول))) بۆتە ئەوەی كە وەڵامی خوار خۆی نەداتەوە.!!! باوەڕت بێت هەموو پلەكان بێ جیاوازی بەوە هەست بەبوون و گەورەیی خۆیان دەكەن كە وەڵامی خوارخۆیان نادەنەوە، لەبەر نامەیەك یان تەلەفۆنێكی سەروی خۆشیان هەڵدەستنە سەر پێ. وەڵام نەدانەوەی (هیچ ڕاپۆرتێك، هیچ پرۆژەیەك، هیچ بیرۆكەیەك، هیچ پێشنیارێك و خەمخۆریەك) بۆتە ئەوشێرپەنجەیەی كە (توانا، لێهاتوویی، ئومێد، دڵسۆزی، ماندونەناسی و بەدەنگەوەهاتن)ی گەنجانمان لەناو دەبات.
بەجۆرێك تەنانەت وەزیر و راوێژكارو بەرپرسی ئۆرگانە باڵاكانیش كێشەی وەڵام نەدانەوەی ئەویتر و دەست نەگەیشتن بەوانیتریان هەیە.
ئەمە جگە لەوەی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردن كەم بۆتەوەو هەركەس ئەركی خۆی جێ بەجێ بكات وات پێ دەفرۆشێتەوە كەئەننەهو سەدەقەی پێ كردووی.
نەك هیچ هەڵسەنگاندن و ڕاپۆرتێك داوا ناكرێت، بەڵكو ئەوكەسانەی ڕاپۆرت و كار و پرۆژە لۆ سەروی خۆیان بەرز دەكەنەوە، یان گەڵتەیان پێ دەكرێت، یاخود خەڵكانێك بە بەبەزەییەوە سەریان دەكەن. چونكە وەك بڵێ ئەزمونیان هەیە و لە دەرەنجامەكەی دڵنیان. كە وەك ئەوە وایە بیخەیتە دەریایێك و لە بێ سەروشوێن بوونی دڵنیان.
دیسان بەڕێز سەرۆكم لەبەر رێزم بۆ ئۆرگانەكان و تاك بە تاكی ئەو بەرێزانەی لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوو بۆ پرۆژەی جیاواز، لەدەرگام داون و تاكو ئێستا بێ وەڵام ماومەتەوە ناوی كەس لە ئێستادا ناهێنم،تكا دەكەم گەرەیی بنوێنە و رێگایەكمان پیشان بدەن ئاخۆئێمە چی بكەین و چۆن جێگامان ببێتەوە و بیرۆكە و پرۆژەكانمان چۆن بخەینە بازنەی گفتوگۆ و هەڵسەنگاند تا دەگاتە قۆناغی وەڵامدانەوە؟ جا بە ئەرێ بێت یان نەرێ...
ڕاپۆرتی ئۆرگان و بەشەكان كەی وەڵام دەدرێنەوە؟ من وەكو زۆربەی كادرە بەتواناكانی خواری خوارەوەی ئۆرگانەكانم، هیچ واستەیەكم نیە و چاوەڕێی وەڵام لە بەڕێزتان دەكەم.