فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند" نامانەوێت ئەزموونی ناکۆکی لایەنەکانی باشوری کوردستان و پەرتەوازییان لە سەردان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغداد، ئێمە لەگەڵ دیمەشق دووبارە بکەینەوە".
ئەمشەو پێنج شەممە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی " روناهی " ی رۆژئاوای کوردستان زانیاری لەسەر چەند پرسی گرنگ ئاشکرا کرد.
لەبارەی رووخانی بەشار ئەسەدەوە وتی:
-ئاگاداری چۆنیەتیی دەستپێکردنی هێرشی هێزەکانی هەتەش بۆ سەر هێزەکانی ڕژێمی شام بووین و داواشمان لێکرا بەشداری بین و بەشداریمان نەکرد.
لە بارەی رێککەوتن لەگەڵ بەرەی شام، عەبدی وتی:
- لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام/ هەتەشە، لەبارەی دێزوور و حەلەب ڕێککەوتنمان هەیە و لەو چوارچێوەیە دێرزوورمان ڕادەستی هەتەشە کرد.
- بەگوێرەی ڕێککەوتنمان لەگەڵ هەتەشە، هەر دوولا شەڕی یەکدی ناکەین.
- بەگوێرەی ڕێککەوتنمان لەگەڵ هەتەشە، هێزەکانمان لە حەلەب ماون.
- هەتەشە ئاگاداریکردینەوە هێرش ناکەنە سەر سنوری ئیدارەی خۆسەر.
- تورکیا لە هێرشەکەی هەتەشە، ڕووسیای ئاگادارکردبوویەوە
- چاوەڕێی ئەوە نەبووین ڕژێم بەو خێراییە بکەوێت
- لە بارەی گفتوگۆوە لەگەڵ دیمەشق وتی:
- هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەین بەمەبەستی فەراهەمکردنی زەمینەی چوونی شاندێکمان بۆ دیمەشق و گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی شاندەکە بەردەوامن.
- نامانەوێت ئەزموونی ناکۆکی لایەنەکانی باشوری کوردستان و پەرتەوازییان لە سەردان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغداد دووبارە بکەینەوە.
- لە ناو خۆماندا چ ناکۆکییەکمان هەبێت، نابێت ئەو ناکۆکیانە لە سەردان و دانوستانەکانی دیمەشقدا بوونیان هەبێت و دەبێت پێکەوە و یەک دەنگ و یەک ڕەنگبین لەگەڵ دەرەوەی خۆمان
- پێویستەی باشوری کوردستان سەبارەت یەکخستنی نێوماڵی کوردیی لە ڕۆژئاوا ڕۆڵی ئەرێنی بینێت.
لە بارەی گفتوگۆوە لەگەڵ تورکیا فەرماندەی هەسەدە وتی:
- ئامادەی گفتوگۆیین لەگەڵ تورکیا تا بە مەسەلەی ناوچەی ئارامیش دەگات کە تورکیا هەمیشە باسی دەکات.
- فشارێکی زۆری ئەمریکییەکان و دۆستە بیانییەکانمان لەسەر تورکیا هەیە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.
- ئێمە مەترسی نین بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی تورکیا.
- هێشتا مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان نەڕەوینەتەوە.
- ڕێکەوتن لەسەر منبج کراوە و تورکیا پابەندی نەبووە و بڕیارە سبەینێ ئاگربەست و ڕێکەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەزڵوم عەبدی وتیشی : گەل و هەرێمەکانی خۆسەر لە ئاڵنگاری و هێرشەکان دەپارێزین.
لە بارەی ئاڵای نوێی سوریاوە، عەبدی وتی:
قبوڵکردنی هەڵکردنی ئاڵای ئێستای سوریا، لە لای ئێمە شتێکی نوێ نییە، ئێمە پێشتر لە کۆنفڕانسی دامەزراندنی یەپەگە قبوڵمان کردوە. ئاڵاکە هی سەردەمی سەربەخۆیی سوریا و کۆماری سوریایە، نەک کۆماری عەرەبی سوریی.