بكوژانی ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌ستگیركران كه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا تەرمەکەی دۆزرایه‌وه‌

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو کەسی تێوەگلاو لە کوشتنی هاوڵاتییەک و دانانی تەرمەکەی لەناو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیدا ڕاگەیاند کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" رۆژی ١١ی ئەم مانگە تەرمی هاوڵاتییەک بە ناوی (ئومێد عەلی مستەفا) لەناو ئوتۆمبێلەکەی خۆیدا، لەسەر رێگای (عەربەت-سلێمانی) دۆزرایەوە، لەسەر ئەم رووداوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد و شوێنی تۆمەتباران دەستنیشانکران و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوو تۆمەتبار دەستیگربکرێن". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" تۆمەتبارەکان یەکێکیان ٢٢ ساڵە و ئەو کەسەیە تاوانەکەی ئەنجامداوە و ئەوەی دیکەشیان هاوکاری بووە و تەمەنی ٣١ ساڵە و هەردووکیان دوای دەستگیرکردن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان دانیان بە تاوانەکەیاندانا و دەرکەوت تۆمەتباری سەرەکی بە چەکی جۆری دەمانچە بە چوار فیشەک لە نزیک گوندی (گڵە زەردە) هاوڵاتییەکە دەکوژێت و دواتر تەرمەکە دەکاتە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلەکە و لەسەر رێگای (سلێمانی – عەربەت) ئۆتۆمبێلەکە بەجێدەهێڵن و هەڵدێن". 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.



PM:04:25:13/12/2024