ئەنەکەسە: گروپە چەکدارەکان کێشە بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارە کوردەکان دروست دەکەن

بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی سنوورەکە بۆ ناوچەکانیان بەردەوامە و نزیکەی ٢٥٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە. دەشڵێت: گروپە چەکدارەکان کێشە بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارە کوردەکان دروست دەکەن.

ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین ئەمڕۆ شەممە ١٤ی کانونی یەکەم رایگەیاند: "گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان بۆ عەفرین و دەوروبەری رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی ٢٥٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە".

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هاونیشتمانییانەی دوای روداوەکانی سوریا لە تل رەفعەت و شەهباوە دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە عەفرین لەلایەن حکومەتی خۆجێی شارەکە و گروپە چەکدارەکانەوە کێشەیان بۆ دروست دەکرێت.

ئەحمەد حەسەن وتی: "لەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە زیاتر لە ٢٠٠ پیاویان دەستگیرکراون؛ ئەویش بەو تۆمەتەی گوایە پێشتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کاریان کردووە".

سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی رووداو وتی: "ئەوانەی دەستگیر دەکرێن بەشێکیان دراونەتە دادگا، لەوێ سزای مادی دەدرێن لە ٥٠٠ بۆ ٧٠٠  دۆلاریان لێ دەسەندرێت و دواتر ئازاد دەکرێن".

ئەحمەد حەسەن دەڵێت، هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون لەلایەن حکومەتی خۆجێی عەفرینەوە نەبووە و بەشێکیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیر کراون.

ناوبراو باس لەوە دەکات، هەر خێزان یان کەسێک لە سنووری عەفرین دەستگیر بکرێت، ئەنجومەنی خۆجێی عەفرین هاوکاریی دەکات. وتیشی: "دوێنێ لە گوندی برچقاس ژن و مێردێک دەستگیرکرابوون و داوای پێنج هەزار دۆلاریان لێدەکرا، ئەنجومەنەکەمان دەستوەردانی کرد و بێ پارە ئازاد کران".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە کە خۆی لە عەفرینە، بەشێکی ئەوانەی دەستگیر دەکرێن نادرێنە دادگا و دوور لە دادگەکان بە هەزار بۆ دوو هەزار دۆلار ئازاد دەکرێن.




PM:01:09:14/12/2024