شاندێکی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سێ مووچەکە دەچنە بەغداد

وتەبێژی وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی دەچێتە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ". 

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" سبەی شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی  وەزیری دارایی دەچێتە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی بابەتی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ، خۆشبەختانە بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بووە، ماوەتەوە تەمویل بکرێت". 

وتیشی" هەتا پێنج شەممەش بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دەرنەچووبوو تا بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بە هیواین کە سبەی شاندەکە دەچێتە بەغداد، تەمویلی مانگی ١١ و ١٢ش بکرێت، و بتوانین کێشەی سێ مووچەی ئەمساڵ چارەسەر بکەین". 

وتەبێژی وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە لەوەی" هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە بتوانین مووچەی هەر سێ مانگەکەی ئەمساڵ دابەشبکەین".

هونەر جەمال دەشڵێت" وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندیداوە لەسەر ناردنی ٤٣٠ ملیار دیناری تر بۆ هەرێم بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەڵام تا پێنج شەممەش ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوە و نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لە سەرەتای هەفتە بڕە پارەکە بگاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم". 

ڕاشیگەیاند" وێرای هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتمان وا بڕیارە لەگەڵ تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەمواری یاسای بودجە و گۆڕانکاری لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی لە ساڵی ٢٠٢٤ هەبوون لە ساڵی ٢٠٢٥ بە تەواوەتی چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە". 



PM:04:02:14/12/2024