پەرلەمانی هۆڵەندا دوو پڕۆژە بڕیاری لە بەرژەوەندیی ڕۆژئاوای کوردستان پەسەند کرد و داواش لە حکومەتی وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەوروپا دەکات، هەوڵ بدەن مافەکانی کورد لە سوریا لە قۆناغی ڕاگوزەریدا دەستەبەر بکرێن..
ئێریك فان دەر بورخ – پەرلەمانتاری هۆڵەندا ڕایگەیاند: لەکۆبونەوەی ١٢ی ئەم مانگە، لە کۆی ١٤٩ پەرلەمانتار، بە دەنگی ١٤٦ پەرلەمانتار، دو پڕۆژە بڕیار لە بەرژەوەندیی رۆژئاوای کوردستان پەسەند کراون.
ئاماژەی بەوەش کردوە: لە بڕیارەکاندا، داوا لە حکومەتی هۆڵەندا کراوە، لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دو دەوڵەت داوا لە تورکیا بکات، دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر کوردانی سوریا ڕابگرێت و هەر داوایشیان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کراوە، مافەکانی کورد لە سوریای داهاتودا دەستەبەر بکرێن و کورد و ئێزدی و کریستانەکانی سوریا، لە تیرۆر بپارێزرێن.
پەرلەمانتارەکەی هۆڵەندا، ئەوەشی خستوەتەڕو: داوا لە حکومەتی هۆڵەندا کراوە، لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا، ڕۆڵ بگێڕێت بۆ پاراستنی کورد و بەدیهێنانی سوریایەکی سەقامگیر.