« لە میانی کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە ئوردن پێشوازی لە فواد حسێن نەکرا »

ڕۆژنامەنووسێکی کورد ڕایگەیاند: لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی کۆمکاری عەرەبی لە ئوردن پێشوازی لە فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق نەکراوە و دەشڵێت" جۆرێکە لە سبگنالی بایەخپێنەدان و لاکەوتەخستن".

شوان حەمە ڕۆژنامەنووسی دیاری کورستان لە ماڵپەری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە:لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دوای کۆتایی هاتنی  کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی کۆمکاری عەرەبی لە ئوردن، وەزیری دەرەوەی ئوردن، بەخێرهاتی بەشداربوانی کۆنگرەکەی کرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی فواد حسێنی نەهێنا، نە وەک کەس، نە وەک دەرەوەی عێراق.

دەشڵێت" بەپێچەوانەوە کاتێک نۆرە گەیشتە سەر فواد حسێن، سوپاس وەزیری دەرەوەی ئوردنی کرد."

شوان حەمە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" لە عورفی دیپلوماسیدا ڕەفتاری وەزیری دەرەوەی ئوردن لە بەرامبەر فواد حسێن، جۆرێکە لە سیگنالی بایەخپێنەدان و لاکەوتەخستن".

جەختیشدەکاتەوە لەوەی" لە هەمان کاتدا سوپاسکردنی وەزیری دەرەوەی ئوردن لە لایەن فواد حسێنەوە، ئاماژەی لاوازی و بێتوانایی دیبلوماسییە".




PM:11:08:14/12/2024