گەنجێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا

گەنجێکی کوردی خەڵکی جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە گەنجێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی سوهەیب ئەحمەدی تەمەن ٢٠ ساڵ لە گەڕەکی باوەجانی ئەو شارە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ هیچ پاساوێک و ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە تەقەیان لە سوهەیب ئەحمەدی کردووە کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بووە.

شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" یەکێک لە هێزە ئەمنییەکان کە ناوبانگی شاوەیسی بووە سێ گوللـەی لە ملی سوهەیب داوە و کوشتوویەتی". 

سوهەیب ئەحمەدی خەڵکی جوانڕۆ ئارایشگەر بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی (حەزرەتی ڕەسووڵ) گواستراوەتەوە.



PM:01:45:15/12/2024