کۆبانێ جەخت لە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر خاکی سوریا دەکاتەوە

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" پێشوازی لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی عەقەبەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەکەین و پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە تەواوی سووریادا بوەستێندرێت". 

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە سەبارەت بە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی وەزارەتی عەرەبی لە عەقەبەی ئوردن کە دوێنێ بەڕێوەچوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" پێشوازی لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی عەقەبەی وەزیرانی دەرەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی وەزارەتی عەرەبی دەربارەی سووریا دەکەین، ستایشی ڕۆڵی کارامەی وڵاتانی عەرەبی دەکەین لە گەڕاندنەوەی سووریا بۆ ئارامی". 

فەرماندەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە دەشڵێت" ئێمە جەخت لەسەر پێویستی وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر تەواوی خاکی سووریا دەکەینەوە، بەپێی ئەوەی لە بەیاننامەی کۆتاییدا هاتووە، وەک هەنگاوێکی جەوهەری بۆ خۆشکردنی ڕێگایەک بەرەو گفتوگۆیەکی بنیاتنەر کە ببێتە هۆی بنیاتنانی سووریایەکی نوێ". 

کۆبانێ جەختیشی کردووەتەوە، سەقامگیری سووریا بە بەشداریپێکردنی هەموو لایەنەکان و دڵنیاکردنەوەی یەکپارچەی خاکەکەی دەستپێدەکات کە ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئاشتیکی بەردەوام.

دوێنێ شەممە لە شاری عەقەبە کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی سووریا بەڕێوەچوو، بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی و دەرەوە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە زۆر خاڵ کرایەوە کە دیارترینیان تەواوکردنی پرۆسەیەکی سیاسی بە سەرکردایەتی سوریاییەکان بەپێی بڕیارنامەی (٢٢٥٤) و هاودەنگی گەلی سوریا لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان و مەزهەب و هێزەکانی بۆ بنیاتنانی سوریایەکی ئازاد و سەلامەت و سەقامگیر و یەکگرتوو و پێویستی دەستبەجێ وەستاندنی هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوو. 



PM:02:03:15/12/2024