حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە ڕۆژی سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی تریش بە زووترین کات دابەشدەکرێت".
کەمێک پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند" بەپێی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەش هاتووەتەدی بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم".
دەشڵێت" بۆیە لە ڕۆژی سێشەممەوە ١٧ی کانوونی یەکەم دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی تریش بە زووترین کات دابەشدەکرێت".
هەروەها هاتووە" سوپاسی خۆڕاگری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانیان نابین".