وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت"دەستمان کردوە بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی ١١ی فەرمانبەران لەسەر ڕاسپارەدەی سەرۆک وەزیرانی عێراق"
وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە"لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، بە هەماهەنگی کار لەسەر چارەکردنی تێبینیینەکان بکەن".
وەزارەتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" شاندێکی تەکنیکی فەرمانگەی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەردانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە مەبەستی هاوکاری کردنیان لە ڕێکخستنەوەی بودجەی پێداچوونەوە (موازین المراجعە)ی تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەی خانەنشینان".
وەزارەتی دارایی عێراق جەختیش لەوە دەکاتەوە" چارەکردنی ئەو تێبینیانەی ماون لەم ئەمڕۆ یەکشەممەوە، لەلایەن ئەو لیژنەیە دەست پێدەکات، بە فەرمانی دیوانی وەزارەتی دارایی پێکهاتووە و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە".
ئەوەش لە کاتێکدایە سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ لە مانگی ١٢ تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی ١٠یان وەرنەگرتووە