بڕیارە سبەینێ سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە پیرمام کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" سبەینێ شاندێکی یەكێتی و پارتی كە بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكومەت دیاریكراون، لە پیرمام كۆدەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە پێداچوونەوە بە هەلومەرجی ئێستای هەرێم، تیشک دەخرێتە سەر گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا دێت، دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجامدرا.