ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێشخەری دیالۆگی سوریای بۆ بنیاتنانی سوریای نوێ ڕاگەیاند، هەروەها ١٠ هەنگاوی دەستنیشانکرد کە پشتڕاستیکردەوە بۆ گەلی سوریا زۆر گرنگن و پێیوابوو هاوکاری نێوان ئیدارەی خۆسەر و ئیدارەی سیاسی لە دیمەشق دەبێت لە بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان بێت.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی تایبەتدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکخرابوو، ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێشخەرییەکی بۆ بنیاتنانی "سوریای نوێ" لە بەردەم ناوەندەکەی لە شاری ڕەقە ڕاگەیاند و وتیان" لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ستەمکاری بەعس، سوریا چووە قۆناغێکی نوێ، بۆ ئەوەی لەم قۆناغە ئینتقالییە سەرکەوتووانە دەربکەوین، پێویستە کۆببینەوە و کاربکەین بۆ کێشانی نەخشە ڕێگایەکی هاوبەش، سیاسەتی وەدەرنانی و پەراوێزخستن کە سوریای وێران کرد، دەبێت کۆتایی بێت و هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان دەبێت بەشداری بن لە بنیاتنانی سوریای نوێ، بە قۆناغی ئینتقالیشەوە، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سوورییەکان دەکەین کە چاو لە ڕێبازەکانی خۆیان بەرامبەر بە یەکتردا بخشێننەوە، هەروەها بەرژەوەندییە نیشتمانییە هاوبەشەکان بخەنە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنێکەوە".
ئاماژە بەوەشدەکەن، لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە، پێمان وایە کە هاوکاری نێوان خۆبەڕێوەبەری دیموکرات و ئیدارەی سیاسی لە دیمەشق لە بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان دەبێت، و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسانکاری بۆ دەرچوونێکی سەرکەوتوو لەم قۆناغە سەختە.
دەشڵێن" وەک داننان بە بەرپرسیارێتی خۆمان، لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەرامبەر بە گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانیەوە و لە وەڵامی ئەو ئەرکانەی کە گەلی سوریامان بۆ دیکتە کراوە، ئەم دەستپێشخەرییە پێشنیار دەکەین بۆ سوریا- دیالۆگی سوریا بۆ بنیاتنانی سوریای نوێ، هەروەها لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتدا ڕۆڵی ئەرێنی وڵاتانی عەرەبی و دۆستان لە پاڵپشتیکردنی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەرز دەنرخێنین، هەروەها پێویستی درێژەدان بەم پشتیوانییە بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ کە مافی پێکهاتەکان و مەزهەبەکان زامن بکات ، بەپێی ئەو بناغە دیموکراسیانەی کە بنەمایەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی تۆکمەی نەتەوەیی سوریا دادەمەزرێنن کە هەمووان بەشداری تێدا بکەن".
ئەوەشیان خستەڕوو، لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی خۆمان ئاراستەی هەموو هێزەکانی سوریا دەکەین کە پێکەوە کاربکەن لە پێناو بەدیهێنانی ئەم هەنگاوانەی کە لەم قۆناغەدا بە گرنگ دەزانین کە بەم شێوەیەن:
. پاراستنی یەکڕیزی و سەروەری خاکەکانی سوریا و پاراستنیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی.
. ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو خاکەکانی سوریا بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی تۆکمە و بنیاتنەری نیشتمانی.
. گرتنەبەری هەڵوێستی لێبوردەیی و دوورکەوتنەوە لە قسەی ڕق و خیانەت لە نێو سوورییەکاندا، سوریا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە پێکهاتە و مەزهەبەکانی و ئەم دەوڵەمەندی و فرەچەشنییە دەبێت لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و دیموکراسیانە بپارێزرێت.
- ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە بەشداریی هێزە سیاسییەکانی سوریا لە دیمەشق بۆ یەکخستنی دیدگاکان سەبارەت بە قۆناغی ئینتقالی.
. بەشداری کاریگەرانەی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا.
- جەخت دەکەینەوە کە دەبێت سامان و سەرچاوە ئابوورییەکان بە دادپەروەری لە نێوان هەموو ناوچەکانی سوریادا دابەش بکرێن، چونکە سەر بە هەموو گەلی سوریان.
- دڵنیابوون لە گەڕانەوەی خەڵکی ڕەسەن و بەزۆر ئاوارە بۆ ناوچەکانیان و پاراستنی میراتی کولتووری خۆیان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی.
. لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی لە سوریا ڕوویاندا، بەردەوامی شەڕی تیرۆریزم دووپاتدەکەینەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش نەگەڕێتەوە، لە ڕێگەی هاوکاری هاوبەشی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
- کۆتاییهێنان بە دۆخی داگیرکاری، و جێهێشتنی بڕیار بۆ گەلی سوریا بۆ هێڵکاری داهاتووی خۆیان و جێبەجێکردنی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش.
. پێشوازی لە ڕۆڵی بنیاتنەری وڵاتانی عەرەبی، نەتەوە یەکگرتووەکان، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، و هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکانی چالاک لە پرسی سوریا دەکەین، داواش لە هەموویان دەکەین ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەر بگێڕن لە پێشکەشکردنی ئامۆژگاری و پشتیوانی بۆ... گەلی سوریا، و بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان مەزهەب و پێکهاتەکانی بە شێوەیەک کە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش مسۆگەر بکات و دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سوریا بوەستێنێت.”