ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان ڕاگەیەندرا

وەزارەتى خوێندنى باڵا ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى ١٢ی ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن ڕاگەیاند. 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى ١٢ی ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤ - ٢٠٢٥) ڕادەگەیەنن و لە ئێستاوە پێشکەشکاران دەتوانن لە ڕێگەى لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە". 

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تایبەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان کە ساڵانە بەڕێژەى (١٠ بۆ ٢٠%) کەمدەکرێتەوە، ئەوەش لەپێناو لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، پێشکەشکارانى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان لە ئێستاوە دەتوانن لە ڕێگەى لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە کۆدى تاقیکردنەوەکانیان وەربگرنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە وەرگیراوان لە ماوەى سێ ڕۆژدا پەیوەندى بە شوێنى وەرگرتنیان بکەن، بە پێچەوانەوە مافى وەرگرتنیان لەو بەشە نامێنێت. 



PM:01:13:16/12/2024