وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەی مانگی ١١ ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت" تائێستا تەمویلی مووچەی مانگی ١١ نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیمان". 

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەو بڕە پارەیەی کە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە بڕیاری گواستنەوە (مناقلة)ی لەسەر دراوە هێشتا تەمویلەکەی نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان".                                              

دارایی هەرێم دەشڵێت" تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (مانگی ١١) کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڕیاری خەرجکردنی دراوە بەهەمان شێوە هێشتا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیمان". 

ئەوەشی خستەڕوو، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک کە تا ئێستا خۆی لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمارنەکردووە، مووچەکەی لە فەرمانگەکەی خۆی ڕادەگیرێت تا لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵدا کۆدی بایۆمەتری بۆ دەکرێت ئەوسا مووچەکەی بۆ خەرجدەکرێت.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مووچەخۆرانی بۆ مانگی (١٠) بڵاوکردەوە کە بڕیارە لە سبەینێ سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان بکرێت و پرۆسەکەش تا ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت. 



PM:02:18:16/12/2024