دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان، دژ بەهێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی (هاوار نیوز)، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپەکانی بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری کۆبانێ خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندەران پشتیوانی خۆیان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دوپاتکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە" پەیامەکەمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوونە، ژیان لە سوریایەکی دیموکراسیدا کە پارێزگاری لێبکات مافی هەموو پێکهاتەکان".
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ گەیشتنی بە گۆڕەپانی ئاکید، ئامادەبووان خولەکێک بێدەنگییان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدان ڕاگرت پاشان هاوسەرۆکی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکرات (تەڤ دێم) لە ناوچەی فورات، ئەنوەر موسلیم وتارێکی پێشکەشکرد کە تیایدا ئیدانەی هێرشەکانی سوپای تورکیایان کرد.
وتیشی" پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێبکات و کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا بهێنێت کە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا زیادیکرد".
دەشڵێن" پەیامی ئێمە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوونە کە بریتییە لە ژیان لە سوریایەکی دیموکراتدا کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، کورد پێکهاتەیەکی جەوهەری سوریایە، ئەمە دەبێت لەسەر زەمینە لەلایەن وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەریان جێبەجێبکرێت".