لینزی گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا لە حزبی كۆمارییەكان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" توركیا هێرشەكانی بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بوەستێنێت " و جەختی لەوەشکردەوە کە ئەوە مەترسی هەڵاتنی چەكدارانی داعش لە زیندانەكان زیاد دەكات.
لینزی گراهام، وتیشی" لێگەڕێن سوورییەکان حکومەتی خۆیان پێکبێنن و بڕیاربدەن وڵاتێکی چۆنیان دەوێت، بەڵام ئێمە بەرژەوەندیمان لەوەدایە رێگە نەدەین داعش بگەڕێتەوە گۆڕەپانی جەنگ".
"بۆ پێنج ساڵ، ئەوان لە ئەمریکا و سەرانسەری ئەورووپا تیرۆریان بڵاوکردەوە و خەڵکیان کوشت. چەکدارانی داعش ئامێری کوشتنن. دەیانەوێت ئیسلام پاڵفتە بکەن. دەیانەوێت شای ئوردن و شای سعودیە لەکارلابدەن. دەیانەوێت ئیمارات بگۆڕن بۆ دەسەڵاتێکی ئایینی. نامانەوێت ئەم خەڵکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەببەن. نامانەوێت ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربکرێین.هەروەها ئەوان دەیانەوێت هاوڕێیانمان لە ئیسرائیل لەنێوببەن".( لینزی گراهام وای وت).
بە وتەی ناوبراو ٥٠هەزار چەکداری داعش لە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکادان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیمان لەوەدایە ئەوان لە زیندان رانەکەن و خەلافەت دانەمەزرێننەوە، و وتیشی" من نامەوێت داعش لە زیندان هەڵبێت، تورکیا گوشار دەخاتە سەر کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. پێویستمان بە ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراوە. بەڵام ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کورد و ئەم چەکدارانەی داعش لە زیندان رابکەن، مۆتەکە دەبێت بۆ ئێمە. مۆتەکە دەبێت بۆ سووریا. مۆتەکە دەبێت جیهان. ناکرێت ئەوە ڕووبدات".