بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە ناوچەی پیرمام دەستیپێکرد، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

شاندەکەی یەکێتی کە قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات پێکهاتوون لە ڕێواز فایق و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئامانج ڕەحیم و نزار ئامێدی، کەمێک پێش ئێستا گەیشتنە پیرمام، هاوکات هۆشیار زێباری کە سەرۆکایەتی شاندی پارتی دەکات و بە ئەندامێتی دڵشاد شەهاب و پشتیوان سادق.

ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنەیە، بەو پێیەی یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی لە شاری سلێمانی لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە نێوان هەردوولایەن ئەنجامدرا دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەردوو شاندی یەکێتی و پارتی لە پیرمام ئامانجیان گفتوگۆکردنە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم. 

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان پارتی ٣٩ کورسی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، یەکێتی بە ٢٣ کورسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا، نەوەی نوێ بە ١٥ کورسی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش پلەی چوارەمی بەدەستهێنا بە ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست بە ٤ کورسی و کۆمەڵی دادگەری بە ٣ کورسی پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، و بەرەی گەل پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی و هاوپەیمانی کوردستانیش یەک کۆرسی بەدەستهێنا. 



AM:10:43:17/12/2024