وەزارەتی ناوخۆ بوونی ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەد دوورخراوەی سوریا لە ناو خاکی عێراق ڕەتدەکاتەوە.
عەمید میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" ئەو هەواڵەی کە لە سایتەکانی سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بوونی ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەد سەرۆکی دوورخراوەی سوریا لەناو خاکی عێراقدا بێ بنەمایە".
هەروەها وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق داواشی لە میدیاکان کرد کە وردبین و وریا بن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانیانەوە.
ماهیر ئەسەد لە ٨ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٧ لەدایکبووە و کوڕی بچووکی حافز ئەسەدی سەرۆکی پێشووتری سوریایە.